Difference between revisions 575836 and 582102 on ckbwiki

{{خاوێن کردن}}

[[File:عەلی خەندان.jpg|thumb|مامۆستا عەلی خەندان]]

عەلی فەیزی ناسراو بە عەلی خەندان ھونەرمەندی گۆرانیبێژی میللی ناوداری [[کورد]]، لە تەمەنی ١٢٥ ساڵیدا لە ماڵی خۆی لە شاری [[بۆکان]] کۆچی دوایی کرد. ئەم راپۆرتە وەکوو یادکردنێکە لەو ھونەرمەندە کە بەشێکی زۆری لە تەمەنی خۆی بۆ ناساندنی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی تەرخان کرد.

بە پێی راپۆرتی تایبەتی بەشی ھونەری ئاژانسی ھەواڵ و بەدواداچوونی کوردستان ـ پەیامنێر ـ لە شارستانی بۆکان، ھونەرمەندی گۆرانیبێژی میللی و خۆوێژ و نوکتەزانی ناوداری کوردستان مامۆستا "عەلی خەندان" کە بە تەمەنترین گۆرانیبێژی میللی کورد بوو، شەوی شەممە ٨ی ئۆگۆستی ٢٠٠٩ لە کاتژمێر ٣٢/٩ خولەک بە کاتی رۆژھەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ١٢٥ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و بەساڵاچوویی لە ماڵی خۆی لە گەڕەکی مەجبوورئاوا، کۆڵانی "دیمەن"ی ٢١ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

ھونەرمەندی گۆرانیبێژی میللی و قسە خۆش و دەنگبێژی ناوداری کوردستان مامۆستا "عەلی خەندان" لە ناو ھەموو خەڵکی شاری بۆکان بە کەسایەتییەکی قسە خۆش و نوکتەزان ناسراوە. ئەم ھونەرمەندە بە ئەزموونە لە دوای تەمەنێکی درێژ کار و چالاکی و خزمەتی ھونەری بە بوارەکانی گۆرانی و خۆوێژی، بەستەدانان و مەقام و ئاوازی رەسەنی کوردی ماڵئاوایی لە ژیان و جیھانی ھونەر کرد.

لەم بارەیەوە ئەبووبەکر محەمەدزادەی کوڕی عەلی خەندان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر، گوتی: "تەمەنی ئەم ھونەرمەندە زیاتر لە ١٢٥ ساڵ بوو. بۆ خۆی لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەیگوت کە بەھاری داھاتوو تەمەنم دەبێتە ١٢٦ ساڵی تەواو. لە کاتی خۆیدا بەندبێژ و گۆرانیبێژێکی زۆر بەتوانا و دەنگ خۆش و لێھاتوو، بوو. من خۆم ماوەی ٧ ساڵ لەگەڵ ئەم ھونەرمەندە ھاوکار بووم و لە کۆر و بەرنامەکاندا زەربم بۆ لێدەدا. تایبەتمەندی ئەم کەسایەتییە ئەوە بوو کە قسە خۆش و تەناز بوو. رووداوەکانی کۆمەڵایەتی و ھونەری و ھەر بابەت و قسە و باسێک کە دەیبیست و یا لێی ئاگادار دەبوو، بە زمانێکی تەنز و بە رواڵەت پێکەنینی پەیامی خۆی رادەگەیاند."

ھەروەھا ئەبووبەکر محەمەدزادەی کوڕی مامۆستا "عەلی خەندان" رایگەیاند: "بە پێی دەقی پێناسەی فەرمی کە ھەڵبەت ماوەیەکی زۆر دوای لەدایکبوونی بۆی وەرگیراوە لە ساڵی (١٩٢٢) لە گوندی قارنجە ھاتۆتە دنیا. بە ناوی عەلی فەیزی ناسنامەی بۆ دەرچووە. دواتر ماڵی چۆتە گوندی حاجی لەک و لەوێ نیشتەجێ بووە و ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و ھەموو منداڵەکانی لەو گوندە لەدایک بووین. ئێستا ماوەی ٣٤ ساڵە کە ماڵی ھاتووتە شاری بۆکان."

یادگاری ھونەرمەند "عەلی خەندان" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "مامۆستا عەلی خەندان ماوەی ٢ ساڵ لە گەڵ ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بەتوانا و بلیمەت و ناوداری کوردستان مامۆستا "حەسەن زیرەک" ھاوکاری ھونەری کردووە و لە زۆرەبی کۆر و بۆنە و زەماوەندەکاندا پێکەوە بەرنامەی ھاوبەشیان بەڕێوەبردووە و بەستە و بەند و گۆرانیان پێشکەش کردووە. ئەوان لە سەفەرێکدا کە پێکەوە دەچنە کورستانی عێراق بەرنامەیەکی ھاوبەشیان دەبێت. لەو سەفەرەدا لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی مامۆستایان عەلی مەردان و تاھیر تۆفیق نازناوی "عەلی خەندان" بۆی دەست نیشان دەکرێت، چونکە ناوی دایکی خەندان بووە."

ھەروەھا ئەبووبەکر محەمەدزادە گوتی: لە ساڵی (١٩٧٩) لە رادیۆ مەھاباد گۆرانی "فاتمە"ی تۆمار کرد. لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری بە بوارەکانی گۆرانی و خۆوێژی، بەستە دانان و مەقام و ئاوازی رەسەنی کوردی سەدان بەرھەمی تۆمار کردووە کە ئێستا من وەکوو بنەماڵەکەی توانیومە بە رێژەی ٣٢ دانە بەرھەمی یەک کاتژمێری لەو ئەرشیڤە بەنرخە بە باشترین کوالیتە لای خۆم بپارێزم کە ھیچیان لە بازار و لە تۆمارگاکاندا نین. بەڵام رێژەی بەرھەمەکانی زۆر لەوە زیاترە و لە ماڵان پارێزراون. ھەڵبەت بەو ئومێدەین کە لایەنی بەرپرس و دڵسۆزانی ھونەری موزیک و گۆرانی کوردی ئاوڕێکی جیدی لەو بەرھەمانە بدەنەوە و بە شێوەیەکی جوان چاپ و بڵاوبکرێنەوە."

ئەبووبەکر محەمەدزادە لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری لە بوارەکانی بەند و خۆوێژی لەگەڵ ھونەرمەندان محەمەد حەتۆتە، کەریم تاتلی، حوسێن شەنگە گۆرانی گوتووە و ھونەرمەندان قودرەت ئاغایی بە نایە و عەبە چکۆڵ بە زەرب و یەدوڵڵای تارژەن ھاوکاریان کردووە. ھەروەھا لەگەڵ ھونەرمەندانی پایەبەرزی کورد حەسەن ماملێ، مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە، عەبە دەرژێ، ئیبراھیم فەتاحی، سەید ئیبراھیم سەقزی، عوسمان محەمەدی (عوسمانە سوور) و ئەبووبەکر قەرەگوێزی لە کۆر و کۆبوونەوەی ماڵان و لە بۆنە و یادی ھونەری لە ناوچەی موکریان بەشداری کردووە."

ھونەرمەندی گۆرانیبێژی میللی و خۆوێژی ناوداری کوردستان عەلی خەندان لە ژیانی ھونەری خۆیدا سەرقاڵی بەرھەمھێنانی گۆرانی رەسەن و فۆلکلۆر، پەند و مەتەڵی کوردی و قسە و باسی خۆش بە زمانێکی پاراو، بووە. ھەر ئەمەش بووە ھۆی ھۆگری تایبەت و پێشوازی بەربڵاوی خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووانی ناوچەی موکریان لە کوردستانی ئێران. ئەم ھونەرمەندە بۆ بەشێکی زۆری ئەو بەسەرھات و رووداوانەی کە لە ناو شار دەبیسترا، قسە و نوکتەیەکی خۆشی دروست دەکرد، ھەڵبەت لە ژێر ئەو قسانەشدا پەیامێکی تایبەت و تەنزێکی تاڵی تێدا بوو.

زۆر کەس خۆیان بە قوتابی ھونەرمەندی گۆرانیبێژی میللی و خۆوێژی رەسەنی کوردستان عەلی خەندان دەزانی و بە لاسایی کردنەوەی ئەو بوونە خۆوێژ. ئەو لە کاری خۆیدا ئەوەندە لێھاتوو بوو کە سەرجەم بەند و گۆرانییەکانی مۆرکی تایبەتی ئەو ھونەرمەندەیان پێوە دیار بوو. ھەر بۆیەش گۆرانیبێژانی دیکە کە بەند و گۆرانییەکانی ئەویان دووپات دەکردەوە، ھەردەم ناوی ئەویان لە میانەی ئەو بەند و گۆرانییەدا دەھێنایەوە، بۆ وێنە: بۆت دەڵێم لەو بەندانە بەندی عەلی خەندانە.

عەلی خەندان ھۆگری و خۆشەویستییەکی یەکجار زۆری بە شاری بۆکان ھەبوو، ھەمیشە پێی خۆش بوو لەو شارەدا بێ و دڵی زۆر پێی دەکرایەوە. ھەر بۆیە بۆ دوایین جار تەرمی پیرۆزی ئەم ھونەرمەندە لە دوای گەڕان بە ناو گەڕەک و کۆڵانی شوێنی ماڵی خۆیان و دواتر بە ناو شەقامە سەرەکییەکانی شاری بۆکان لە مەیدانی نەغداڵی بەرەو مەیدانی ئەسکەندەری و مەیدانی ئازادی و دواتریش بۆ مەیدانی موعەلیم لە نزیک مەزاری نەمران مامۆستا حەسەن زیرەک و قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە و ئینجا لە ناو ئاپۆرای بەرینی جەماوەری بەرەو گۆرستانی گشتی شاری بۆکان بە شکۆیەکی زۆرەوە بەڕێ کرا.

لە درێژەی رێوڕسمەکەدا تەرمی ئەم ھونەرمەندە بە بەشداری ھەزاران کەس لە خەڵک و دانیشتوانی شاری بۆکان، ئەندامانی خولی سێیەمی شووڕای شاری بۆکان، نووسەران، ھونەرمەندان، و رۆشنبیرانی شارستانی بۆکان و ناوچە لە کاتژمێر ٣٠/١٢ی نیوەڕۆی یەکشەممە بە کاتی رۆژھەڵاتی کوردستان لە بەشی تایبەت بە ئەدیبان و ھونەرمەندان و نووسەران واتە (مەقبەرەتولشوعەرا) لە گۆرستانی گشتی شاری بۆکان بە خاک سپێردرا کە بووە یەکەمین ھونەرمەندی شاری بۆکان کە لەو پارچەیە دەنێژرێت.


[[File:گڵکۆی مامۆستا عەلی خەندان.jpg|thumb|گڵکۆی مامۆستا عەلی خەندان - جۆزەردانی ۲۰۱۸]]

عەلی خەندان کە بە ھەرە دیارترین گۆرانیبێژ و داوەتگێڕی ساڵانی رابردوو دەھاتە ئەژماردن. لە ماوەی ساڵانی زوودا کۆری بەزم و ھەڵپەڕکێی بۆ زۆربەی کچ و کورانی موکریان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان گێڕاوە و زەماوەندی بۆ گێڕاون.

ھونەرمەندی بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی رەسەن و فۆلکلۆری کوردستان عەلی خەندان خاوەنی چەندین بەرھەمی پڕبایەخ و بەھێز و جوانە. ئەم ھونەرمەندە بێ ھاوتایە لە بواری چڕینی بەیت و حەیران و لاوک و مەقام و گۆرانی و سەرجەم ئاوازەکانی جۆراوجۆری مۆسیقای کوردستاندا توانایەکی لە رادەبەدەر و شارەزاییەکی تەواوی ھەبوو. ھەمووی ئەو بەرھەمە رەنگینانە مۆرکی تایبەتی ئەم ھونەرمەندەیان پێوە دیارە و ناسنامەی ھونەری موزیکی دەوڵەمەند و نەجیب و رەنگین و جوانی کوردین و بۆ ھەمیشە لە یادەکان دەمێننەوە.
{{دەروازە|مۆسیقا}}
[[پۆل:گۆرانیبێژە پیاوەکانی کوردیی ناوەندی]]

{{گۆرانیبێژانی کورد}}