Revision 410057 of "بواری موگناتیسی زەوی" on ckbwikiبواری موگناتیسی زەوی پارێزگاری لە ژیان دەکات لەسەر زەوی و دەیپارێزێت لە تیشکدانەوەی زیانبەخش و کەش و ھەواکەشمان ڕێک دەخات. کەواتە بیرکردنەوە لەوەی کە دۆخی ئەم بوارە شلۆق ببێت یان بە تەواوی لێکھەڵبوەشێت و لەناوبچێت بە دڵنیایەوە تووشی گومان و دڵەڕواکێمان دەکات، ئایا ئەمە ڕاستە؟ لە ڕاستیدا دەکرێت ئەم پرسیارە بە بەڵێش و بە نەخێریش وەڵام بدرێتەوە.
'''ماگنێتۆسفیر Magnetosphere'''
ماگنێتۆسفیر لە دەرئەنجامی ئەو تەزووە کارەباییانەی کە لە قوڵایی زەویدا بەھۆی کارە دایانمیکیەکانە دروست دەبن پەیدا دەبێت. ماگنێتۆسفیر ھێزێکی شلەیە کە بەردەوام لە بڕ و ئاڕاستەدا دەگۆڕێت.
چەقی زەوی
دڵی ھەرە ناوەوەی ھەسارەکەمان ناوجەرگەیەکی ڕەقە کە بەزۆری لە ئاسن پێکھاتووە و نزیکەی ھێندەی قەبارەی مانگ دەبێت. ھەروەھا زۆر گەرمیشە، گەرمیەکەی نزیکەی 5000 بۆ 7200 پلەی سەدی یە، کە یەکسانە بە پلەی گەرمای ڕووی سەرەوەی خۆر. لەگەڵ ئەم ھەموو گەرمیەشدا ناوجەرگەکە ھەر بە ڕەقی دەمێنێتەوە و ناتوێتەوە، ئەمەش بەھۆی ئەوەوەیە کە بەرئەنجامی ھێزی ھەموو شتەکانی سەرەوەی ناوجەرگەکە بەھۆی ھێزی کێشکردنەوە بەرەو ناوجەرگەکە ڕادەکێشرێن.
لە دەوری ئەم ناوجەرگە ڕەقە چینێکی دووەمی ھەیە کە لە بنچینەدا لە داڕشتەیەکی ئاسنی نیکلاوی دروستبووە. گەرمی ئەم چینە نزیکەی 4000 بۆ 5000 پلەی سەدی یە، بەڵام پەستان لەسەری کەمێک کەمترە ئەم ناوجەرگە دەرەکی یە لە دۆخی شلەدایە.
بەدەوری ناوجەرگەی دەرەکیدا چینێکی گەرمی شاخی چڕوپڕ ھەیە کە پێی دەوترێت مانتڵ Mantle و لە 870 پلەی سەدی (کە تیایدا بە بەرگی دەرەوەی زەوی Crust دەگات) بۆ 2200 پلەی سەدی (کە تیایدا بە ناوجەرگەی دەرەکی دەگات) وەکو قیر لە ژێر کێشی قورسدا پان دەبێتەوە. ئەم چینە لەچاو چینە چڕتر و قوڵترەکانی تەنیشتیدا ساردتر و فێنکترە.
[[پەڕگە:چینەکانی زەوی.jpg|thumb|چینەکانی زەوی]]
'''تەزووە کارەباییەکان'''
جیاوازی پلەی گەرمی نێوان ناوجەرگەی ناوەکی و مانتڵ وا لە زەوی دەکات کە ببێتە موگناتیسێکی زەبەلاح. بۆئەوەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ خولانەوەی زەویدا ئەو جووڵە گەرماییانە پەیداببن کە بوارە موگناتیسیەکەی زەوی لێوە دروست دەبێت پێویست بەوە دەکات کە جیاوازیەکی پلەی گەرما بە بڕی 1500 پلەی سەدی لە نێوان ناوجەرگەی ناوەکی و مانتڵدا ھەبێت.
ئەم جوڵە گەرماییانەی شلەی جوڵاو (مانتڵ) تەزووی کارەبایی پەیدا دەکات و ئەم تەزووانەش ماگنیتۆسفیر دروست دەکەن:
بۆئەوەی بواری موگانتیسی دروست ببێت چەند ھەلومەرجێک ھەیە کە پێویستە بێنە دی: 1. دەبێ شلەیەکی گەیەنەر بوونی ھەبێت؛ 2. دەبێ وزەی پێویست بە خێراییەکی گونجاو و شێوازێکی جوڵەی گونجاو بۆ پەیداکردنی جوڵە لە شلەکەدا بوونی ھەبێت؛ 3. دەبێ تۆوی بوارێکی موگناتیسی ھەبێت… وزەی پێویست لە ناوجەرگەی دەرەکیدا ھەیە بۆ ڕاگوێزانی وزەی گەرمی کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ خولانەوەی زەویدا شێوازی جوڵەی گونجاو بەرھەم دەھێنێت… بواری ھەبووی خۆر وەکو بوارە تۆویەکە کاردەکات. کاتێک لێشاوێکی ئاسنی قاڵ بە بوارە موگناتیسی یە ھەبووەکەی خۆردا تێدەپەڕێت تەزوویەکەی کارەبایی بەرھەم دەھێنرێت… ئەم بوارە کارەباییە نوێیەش بوارێکی موگناتیسی دروست دەکات…
'''بواری موگناتیسی لە لێشاودا'''
بەوپێیەی کە ئەم سیستەمە لە دۆخی شلەدایە کەواتە بوارە موگناتیسی یەکە جێگیرێکی نە جوڵاو نی یە، بەڵکو ھێز و ئاڕاستە و جەمسەرێتی دەگۆڕێت.
'''ئاڕاستە'''
لەو کاتەوەی یەکەمجار لەساڵی 1831 دا لە لایەن جێمس ڕۆسە بە دەقیقی پێناسەکراوە و ناسێنراوە جەمسەری موگناتیسی باکور زیاتر لە 600 میل جوڵاوە و لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکارییەکە لە خێراییەک بە تێکڕای 10 کم لە ساڵێکدا بۆ خێرایی 40 کم لە ساڵێکدا زیادی کردووە. لە بەرئەوە وا پێشبینی دەکرێت کە لەم چەند دەیەیەی داھاتوودا جەمسەری موگناتیسی باکور لە شوێنی ئێستایەوە کە لە ئەمریکای باکوردایە بگوازرێتەوە بۆ ئاسیا.
'''کەمبوونەوەی ھێز'''
لەو 200 ساڵەی دواییدا بواری موگناتیسی زەوی نزیکەی لە سەدا 15 لاوازبووە. بەوپێیەی بوارە موگناتیسیەکە ڕووکاری زەوی لە ھەندێک بڕ تیشکدانەوە وەکو تیشکدانەوەی زیانبەخش لە خۆرەوە دەپارێزێت، ئەگەربێتو ئەم بوارە موگناتیسی یە بە تەواوی لەناوبچێت ئەوا بۆی ھەیە لە ئاکامدا کارەساتی وێرانکەری لێبکەوێتەوە.
تیشکدانەوە لە ئاستی ڕووی زەویدا زیاددەکات… ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی مردن بەھۆی شێرپەنجەوە… بەڵام زۆر بەھێواشی و کەمی… مەترسی سەرەکی لێکھەڵوەشانی تۆڕەکانی دابەشکردنی تەزووی کارەبایە لە ئەنجامی گەردەلوولی خۆری بەھێزدا… کەش و ھەوای زەویش بۆی ھەیە بگۆڕێت… ھەندێک لێکۆڵینەوەی گوماناوی پێشبینی ئەوەیان کردووە کە ھەتا بواری موگناتیسی زەوی لاوازتر بێت ئەوا بڕی ئەو ھەورانەی کە تڕۆپۆسفیر دادەپۆشن زیاددەکات و دەلاقە یان کونی ئۆزۆنی جەمسەریش گەورەتر دەبێت.
'''پێچەوانەبوونەوەی جەمسەرەکان'''
وەکو بەشێک لە گۆڕانکارییە سروشتیەکان لە ماوەی 20 ملیۆن ساڵی ڕابردوودا جەمسەرەکان پێچەوانە بوونەوە. ئەمە بە تێکڕایی ھەر 200 000 دوو سەد ھەزار ساڵ بۆ 300 000 سێ سەد ھەزار ساڵ جارێک ڕوویداوە. لەگەڵ ئەمەشدا ھێشتا زۆر زۆری ماوە کە پێچەوانەبوونەوەیەکی تر ڕووبدات، چونکە دوایین پێچەوانە بوونەوە 780 000 ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە.
ھەرچەندە زاناکان بەتەواوی دڵنیا نین، بەڵام ھەندێکیان پێیان وایە کە جوڵانی جەمسەرەکان پەیوەندی بە ڕاگواستنی گەرمی ناو خودی ناوجەرگەی ناوەکی زەویەوە ھەیە. ئەم ڕاگواستنی گەرمی یە لەوەوە دەست پێدەکات کاتێک ئاسنەکەی ناوجەرگەی ناوەکی دەبێتە کریستاڵ لەسەر ڕووی ناوجەرگەکە کە لە نزیکەی 5000 کیلۆمەتر لەژێر ڕووی زەویدایە. بەمە پێکھاتە سووکترەکانی وەکو ئۆکسجین و گۆگرد و سیلیکۆن بەرەو سنوری ناوجەرگەی مانتڵ Core-mantle boundary (CMB) (کە چینێکە 2000 کیلۆمەتر لەناوجەرگەی ناوەوەی زەوی بەرزترە و پلەی گەرمی تیایدا 1000 پلەی سەدی کەمتر و ساردترە) بەرزدەبنەوە. لێرەدا پێکھاتە سووکترەکان سارد دەبنەوە و چڕ و خەست دەبنەوە و نیشتەی ئازبەریدی دروست دەکەن. بەپێی تێۆری میولەر دەیان مەتر لەم نیشتەیە ھەر ملیۆن ساڵێک کۆدەبێتەوە و بەرزدەبێتەوە و لەسەر ڕووی مانتڵ کە بە ھەمان شێوەی ڕووی گۆی زەوی تۆپۆگرافیەکەی ڕووەکەی ناڕێکە دەنیشێت. کاتێک کە نیشتەی زۆر کۆدەبێتەوە ھەرەس دەھێنێت و بەرەو ناوجەرگەی دەرەکی دەخلیسکێت و لەوێدا سارد دەبێتەوە. ھەندێک لە زانایان تیۆری ئەوەیان ھۆنیوەتەوە کە ھەرەسی زەبەلاحی CBM بۆی ھەیە داینامیکی زەوی لەبەریەک ھەلبوەشێنێت و ببێتە ھۆی لێکترازانی جەمسەرە موگناتیسیەکانی زەوی.
'''پێچەوانەبوونەوە ھێواشەکان'''
بە لێکدانەوەی ئەو ئاکارە موگناتیسیانەی کە لە شاخ و نیشتەکاندا دۆزراونەتەوە ئێستاکە زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە جەمسەرەکان بەشێوەیەکی ڕۆتینی شوێنگۆڕکێ دەکەن. بۆئەو پێچەوانە بوونەوانەی کە 200 000 ساڵ یان زیاتر دەمێننەوە جێگۆڕکێکە لە ماوەی 1000 تا 10000 ساڵدا ڕوودەدات.
ئەمە پەرچدانێکی کتوپڕ نی یە بەڵکو کردارێکی ھێواش و لەسەرخۆیە. لەم کردارەدا ھێزی بوارەکە کەم دەبێتەوە و لاواز دەبێت. زۆر ئەگەری ئەوە ھەیە کە بوارەکە زیاتر ئاڵۆزتر ببێت و لەوانەیە بۆ ماوەیەک زیاتر لە دوو جەمسەر نیشان بدات و پاشان بەھێزتر ببێتەوە و لە ئاراستەی بەرامبەردا جێگیر ببێت.
بەپشت بەستن بەوەی کە لەم دوو سەدەیەی دواییدا ھێزی بوارە موگناتیسیەکەی زەوی کەمیکردووە ھەندێک لە زانایان لەو باوەڕەدان کە ئێستا بواری موگناتیسی زەوی لە پەرچدانێکی تری درێژخایەندایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە زانایان لەو باوەڕدان کە ئەمە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر مرۆڤایەتی نابێت چونکە ئەمە شتێک نی یە کە ببێتە ھۆی لەناوچوونی ماگنێتۆسفیر و لەبەرئەوە ژیان لەسەر زەوی تاڕادەیەکی زۆر لە کاتی پێچەوانەبوونەوەی جەمسەرە موگناتیسیەکاندا بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بواری موگناتیسی بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز ببێت ئەوا بۆی ھەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان کێشە بۆ زەوی دروست ببێت. لە ڕاستیدا ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ ھەیە لە نێوان لەناوچوونی مرۆڤی نیاندرتاڵ و کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە تووندی بواری موگناتیسی زەوی کە لە ھەمان ئەو کاتەدا ڕوویداوە.
'''پێچەوانەبوونەوە خێراکان'''
لەم ساڵانەی دواییدا زاناکان بەڵگەی ئەوەیان دۆزیەوە کە جێگۆڕکێی جەمسەرە موگاناتیسیەکان بۆی ھەیە زۆر بە خێرایی ڕووبدات، بەڵام ئەوە ڕوون نی یە کە ئاخۆ ئەم جێگۆڕکێیانە دەبنە ھۆی پێچەوانەبوونەوەی تەواو یان نا.
لە کۆتایی ساڵی 1960 دا لە نزیک گوندی لاشامپ لە ناوچەی ماسیف لە فەرەنسا زاناکان بەڵگەی ناتەواویان دۆزیەوە کە ئاماژەیان بەوە دەدا کە پێچەوانەبوونەوەیەکی موگناتیسی کورتخایەنی ئێجگار خێرا پێش 41000 ساڵ لە مەوبەر ڕوویداوە. ئەمەش ھەمان ئەو کاتەیە کە مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەوروپا لەناوچووە.
بەڵگەیەکی تر جێگۆڕکێی خێرای جەمسەرەکان لە ساڵی 1995 دا لە پاشماوەکانی بورکانێک کە لە شاخی ئۆریگۆنی ستین ڕوویداوە دۆزرایەوە. لێرەدا کریستاڵی موگناتیکی لەو پاشماوە بورکانیانەدا ئاماژەیان بەوەدا کە جێگۆڕکێیەکی لەڕادەبەدەر خێرای موگناتیسی ڕوویداوە بەشێوەیەک کە جەمسەرەکان 10000 جار خێراتر لەباری ئاسایی جوڵاون و ھەر ڕۆژەو 6 پلە جوڵاون.
بەو ڕادە خەتەرناکە جێگۆرکێیەکی موگناتیسی بۆی ھەیە لە جیاتی چەند ھەزار ساڵێک لە چەند مانگێکدا ڕووبدات، لەبەرئەوە زۆر لە زاناکان تێنەدەگەیشتن و بەگومان بوون تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2010 دا لە شاخی نیڤادا بەڵگەی تر لەسەر جێگۆڕکێی کورتخایەن دۆزرایەوە و ئەوە ئاشکرابوو کە بوارە موگناتیسیەکە لە ساڵێکدا 53 پلە جوڵاوە.
لە ساڵی 2012 شدا دیسان لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر ڕووداوەکەی لاشامپی فەڕەنسا ئەنجامدا و ناوکی ماددە نیشتووەکانی دەریای ڕەشیان پشکنی و داتاشیان لە زەریای ھێمنی باشووری و زەریای ئەتڵەسی باکووری وەرگرت. ئەو ئەنجامانەی لەم لێکۆڵینەوانە دەست کەوتن زۆر جێگای سەرنج بوون بەم شێوەیە:
بە بەراورد بەو گریمانانەی ئەمڕۆ لە ئارادان شێوەی ئەندازەیی پێچەوانەبوونەوەی جەمسەرەکانی بواری موگناتیسی زەوی لەگەڵ ئەو ھێڵانەی بوارەکە کە ئاماژە بە ئاراستەی پێچەوانە دەکەن تەنھا بۆ ماوەی 440 ساڵ دەمێننەوە. ھێزی بوارە موگناتیسیەکەش تەنھا چارەکێکی ھێزی بوارە موگناتیسیەکەی ئەمڕۆ بووە…. بەدێژایی ئەم ماوەیە بوارەکە تەنانەت بێھێزتریش بووە و ھێزەکەی تەنھا %5 ی ھێزی بوارەکەی ئەمڕۆ بووە. لە ئەنجامی ئەمەدا زەوی بەتەواوی بەرگە پارێزەرەکەی خۆی کە لە تیشکە گەردوونیەکان دەیپارێزێت لە دەستداوە، ئەمەش بووتە ھۆی ئەوەی کە زۆر کەمتر بەرگەی تیشکە زیانبەخشەکان بگرێت.
ھەرچەندە کە بەڵگەی ڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندیەکی ھۆیی نی یە بەڵام ناوکی نیشتەکانی دەریای ڕەشیش دوو سیناریۆی ترسناکی تریان ئاشکراکرد کە تەقریبەن لە ھەمان ئەو کاتەدا ڕوویان داوە.
چەندین گۆڕانی ئاووھەوای کتوپڕ لە دوایین چاخی بەستەڵەکدا لە ھەمان ئەو کاتەدا ڕوویانداوە کە گەورەترین تەقینەوەی بورکانی لە نیوەی باکووری گۆی زەوی لە 100 000 ساڵی ڕابردوودا لە نزیک شاری ناپۆلی لە ئیتالیا و لەکاتی پێچەوانەبوونەوە کورتخایەن و خێراکانی جەمسەرەکانی بواری موگناتیسی زەوی ڕوویانداوە.
شێری بکە
{{Link FA|he}}
{{Link FA|nl}}
{{Link GA|de}}
{{Link GA|en}}All content in the above text box is licensed under the Creative Commons Attribution-ShareAlike license Version 4 and was originally sourced from https://ckb.wikipedia.org/w/index.php?oldid=410057.
![]() ![]() This site is not affiliated with or endorsed in any way by the Wikimedia Foundation or any of its affiliates. In fact, we fucking despise them.
|